𝟐 | 𝐋𝐚𝐬𝐭 𝐅𝐚𝐥𝐥

Start from the beginning
                                    

دارلینگتۆن پلانێکی دانابوو تا بزانێت دەبێت ڕۆژانە بەسەر چەند پەڕاوی داوای خۆتۆمارکردندا بچێتەوە تاوەکو بەیانیان کاتی بەتاڵی هەبێت بۆ ئەو کارانەی پێی ڕاسپێردراون و نیوەڕوانیش دابنێ بۆ پیشەکەی لە مۆزەخانەی پیبەدی. ئەو ڕۆژە، مانگی حەوت بوو کە پێش کارنامەکەی کەوتبوو، لە پەڕاوی داوای خۆتۆمارکردنی ژمارە ٣٢٤دا بوو کەسێك بە ناوی ماکەنزی هۆفەر کە ٨٠٠ نمرەی لە خوێندنەوە و نووسین و ٧٢٠ نمرەی لە بیرکاریدا هەبوو هەروەها لە ساڵەکانی سەرەتاشیدا نۆ کۆرسی پەرەپێدانی خوێندنی ئامادەیی وەرگرتووە، بلۆگێكی لەسەر بایوو تاپەستری بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی داناوە. لە کەسێك دەچوو کە جێی هیوا بێت تا ئەو ساتەی گەیشتە سەر وتارە تاکەکەسییەکەی کە تیایدا خۆی بەراوردکردبوو بە ئیمیلی دیکنسن. ڕێك ئەو کاتەی دارلینگتۆن دۆسیەکەی بێباکانە هەڵدایە ناو چینی نەخێرەکانەوە دیـن ساندۆ پەیوەندی پێوەکرد و پێی گوت کە گەڕانەکەیان تەواو بووە و کاندیدەکەیان دۆزیوەتەوە، هەڵبژاردنی خوێندکارەکە شتێك بوو کە بەشێوەیەکی یەکجاری بڕیاری لەسەر دەدرا. 

دارلینگتۆن نیازی ئەوەی هەبوو ناڕەزایی دەرببڕێت، قیروسیا لە ناڕەزاییش، دەیویست شتێك بشکێنێت. لەجیاتی ئەوە فایلە کەڵەکەبووەکانی بەردەمی ڕاستکردەوە و پرسی”کێیە؟ هەموو فایلەکان لەبەردەممن.“

”فایلەکەی لەلات نییە، هیچ داوایەکی خۆتۆمارکردنی پێشکەش نەکردووە و تەنانەت خوێندنی ئامادەییشی تەواو نەکردووە.“پێش ئەوەی دارلینگتۆن ئەوپەڕی بێزاری خۆی دەربڕێت ساندۆ لە قسەکانی بەردەوامبوو”دانیاڵ، دەتوانێ بێڕەنگەکان ببینێت.“

دارلینگتۆن وەستا، دەستی هێشتا لەسەر فایلەکەی ماکەنزی بوو  کە دوو هاوین دەبێ لە ڕێخراوی "دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ مرۆڤایەتی" کار دەکات. وەستانەکەی تەنها لەبەر بیستنی دانیاڵ نەبوو کە ساندۆ زۆر بەکەمی بەکاری دەهێنا بەڵکو لە تاو بیستنی ئەوە بوو کە دەتوانێ بێڕەنگەکان ببینێت. تاکە ڕێگایەك بۆ کەسێکی زیندوو کە بتوانێ کەسانی مردوو ببینێت بەکارهێنانی دەرزی ئەرۆسیریۆیە، کە دەرمانێکی بەهێزکەری لە ڕادەبەدەر ئاڵۆزە و دروستکردنەکەی پێویستی بە توانا و سەرنجێکی پڕ وردەکاری و نموونەییە. 

دارلینگتۆن هەر پێش ئەوەش هیچ دەربارەی لیسی بزانێت خۆی لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا ئەو دەرمانەی تاقیکردبووەوە، ئەو کاتە تەنها هیوای ئەوە بوو کە ئەم جیهانە شتێکی زیاتر بێت لەوەی باوەڕی وابوو. ئەم هەوڵدانەشی خستییە ژووری فریاکەوتن و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ خوێن لە چاو و گوێییەکانی دەردەچوون.

بە هەستکردن بە جۆش و خرۆشی و لە هەمان کاتدا داننان بەوەی کەمێك ئیرەیی بەو کەسە دەبرد وەڵامی دایەوە و گوتی”توانیویەتی دەرمانێکی بەهێزکەر ئامادەبکات؟“
پاشان هیچی لێ نەبیست و هێندە درێژەی خایاند کە بەس بوو وا لە دارلینگتۆن بکات گلۆپی سەر مێزەکەی باپیرەی بکوژێنێتەوە و بەرەو هەیوانەکەی پشتەوەی بلاك ئیلم بڕوات. لەوێوە دەیتوانی بەرزونزمی خانووەکان ببینێت کە لە ئێج-وودەوە بۆ ناو زانکۆ تا ئەوپەڕی لۆنگ-ئایلەند-ساوند زیاتر درێژ دەبووەوە. پێشتر سەرجەم زەوییەکانی خواروو تا سەنتەر ئاڤەنیو بەشێك بوو لە بلاك ئیلم بەڵام کە سەرمایەی ئارلینگتۆن بەرەو کەمبوونەوە چوو و بەش بەش فرۆشران. تەنها خانووەکە و گوڵی باخچەکەی و چیمەنە وێرانە و گێژاوەکەی دەوری دارستانەکە مابووەوە، ئینجا تەنیا خۆی مابووەوە تاوەکو ئاگای لە خانووەکە بێت و لقی گوڵەکان چاک بکات و ژیانی بەبەردا بکاتەوە. لەو ساتەشدا خۆر بەرەو ئاوابوون دەچوو، کازیوەیەکی بەرفراوان و لەسەرخۆی هاوین بینی کە مێشوولە و بریقەی گوڵەئەستێرە دیمەنەکەی داپۆشیبوو. دەیتوانی کلکە بە لەنجەولارەکەی کۆزمۆ ببینێت کاتێك وەکو هەر پشیلەیەكی تر بەناو چیمەنەدا دەڕۆیشت و شوێن هەندێ بوونەوەری بچووك کەوتبوو.

خانەی نۆیەمWhere stories live. Discover now