𝟏 | 𝐖𝐢𝐧𝐭𝐞𝐫

138 17 9
                                    

١ | زسـتان

ئالێکس پەلەپەل ناوچە فراوان و نامۆکەی پلازای تێپەڕاند، بە شێوەیەك کە پێی دەخستە سەر کۆنکرێتە چوارگۆشە تەختەکان تەپەتەپی پووتەکانی دەهات. بیناکە وادیاربوو چوارچێوەی گەورەی تێدایە کە جیاکراوەتەوە و کتێبی دەگمەنی تێدا هەڵگیراوە. بە ڕۆژدا ڕووتەختەکانی وەکو شانەی هەنگ ئاڵتوونی دەگەشانەوە کە زیاتر لە پەرستگا دەچوو نەك کتێبخانە، بە شەویش لە گڵکۆ دەچوو. ئەم بەشەی کامپەس زۆر لەگەڵ بەشەکانی تری زانکۆ نەدەگونجا─چونکە هیچ بەرد و سەقفێکی چەماوە یان ئەو بینا ئایینیە لە خشت دروستکراوانەی لێ نەبوو کە دارلینگتۆن بۆی ڕوونکردبووەوە لەڕاستیدا بینای کۆڵۆنییەکان نییە بەڵکو بە ئەنقەست وای لێکراوە وادەربکەوێت. ئەو هۆکارانەی بۆ ڕوونکردەوە کە بۆچی پلازا بەو شێوەیە دروستکراوە و وا بنیاتنراوە وێنەدانەوەیەكی بیناسازی ئەم سوچەی زانکۆ بێت، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش واهەستی دەکرد باسی فیلمە زانستییەکانی ساڵی حەفتاکانە کە دەبوو جلی یەك پارچە یان کراسی کورت لەبەربکەیت هەروەها خواردنەوەیەك بخۆیتەوە کە پێی دەڵێن پووختەکراو و خۆراکی دەنکەکراو بخۆیت. تەنانەت پەیکەرتاشیە گەورەکەش کە دەیزانی ئەلێکساندەر کاڵدێر دروستی کردووە لە گڵۆپێکی خڕی زەبەلاح دەچوو.

ئالێکس لەبەرخۆیەوە گوتی”کاڵدێر،“خەڵکی بەو شێوەیە باسی هونەریان دەکرد. هیچ شتێك هی کەس نەبوو. پەیکەرتاشییەکە کاڵدێرە. نیگارەکە نیگاری مارک ڕۆسکۆیە. خانووەکەش دروستکراوی نیوترایە.
ئێستاش ئالێکس دواکەوتووە، شەوەکەی بە نیازی باشەوە دەستپێکرد و لەسەر ئەوە سووربوو پێش کاتی خۆی وتارەکەی تەواو بکات کە سەبارەت بە ڕۆمانی مۆدێرنی ئینگلیزیییە و ماوەیەکی باش بۆ خۆی دابین بکات تا لەکاتی خۆیدا بگاتە شوێنی سرووتەکە. بەڵام لە یەکێك لە ژوورەکانی کتێبخانەی ستێرلینگدا خەوی لێ کەوت، کۆپییەکی کتێبی نۆسترۆمۆ شل بەدەستییەوە گرتبووی و قاچەکانی لەسەر هیتەرەکە دانابوو. کاتژمێر دە و نیو بە لیکی سەر ڕوومەتی خەبەری بوویەوە. بە ڕاچڵەکانەوە وتنی ”ئاخ!“ و دەنگی وەکو گرمەی تفەنگ لە کتێبخانەدا دەنگی دایەوە، لەبەر ئەوەش ڕووخساری بە ملپێچەکەی داپۆشی و جانتاکەی کردە شانی و بۆی دەرچوو.
ئێستاش کە  کۆمەنسی تێپەڕاند، ئەمەش شوێنێكە لەژێر بینا خڕەکانەوە و ناوی مردووی جەنگ بە قووڵی لە مەڕمەڕەکەدا هەڵکەندراون، پەیکەری کەسایەتییەکان بێدارانە وەستابوون کە نیشانەی ئاشتی و دڵسۆزی و یادگاری و لە کۆتاییشدا دلێریان دەگەیاند، پەیکەرەکە هیچی لەبەر نەبوو جگە لە تاسکڵاو و قەڵغانێك نەبێ کە هەمیشە لەبەرچاوی ئالێکس لە سەماکەری یانە شەوانەکان دەچوو نەك هێمای شیوەنگێڕان. ئالێکس هەنگاوەکانی هێواشکردەوە و چواڕێیانی کۆلێژ و گرۆڤی بڕی.

کامپەس شتێکی وای هەبوو کە کاتژمێر نا کاتژمێرێك و گەڕەك دوای گەڕەكێك ڕووکاری دەگۆڕی، هەر بۆیەش ئالێکس هەمیشە وا هەستی دەکرد بۆ یەکەمجارە دەیبینێت. ئەمشەو کامپەس شەوگەڕێك بوو کە یەکسان و قوڵ هەناسەی دەدا. لەسەر ڕێگاکەی بەرەو هۆڵی شەفیڵد بەلای چەند کەسێکدا تێپەڕی کە وادیار بوو لە خەونێکدا چەقیون، ڕووخساری ئارام و ڕوویان کردبووە یەکتری و هەڵم لە کوپەکانی دەستیان هەڵدەستا. هەستێکی سەیری ترسناکی بۆ هات کە ئەمانە خەونی پێوە دەبینن، کچێكە کە بە چاکەتی ڕەشەوە لەکاتی بەخەبەر هاتنیاندا ون دەبێت.
هۆڵی شەفیڵدیش چۆڵ بوو، پۆلەکان توند داخرابوون و لە هۆڵەکانیشدا گڵۆپی کز هەڵکرابوو. ئالێکس بە قادرمەکان چووە نهۆمی دووەم و لە یەکێك لە هۆڵەکانەوە گوێی لە دەنگدانەوەیەك بوو، دەنگەکەش هی پەخشکردنی فیلمە لەلایەن بەشی کۆمەڵایەتییەوە کە هەموو شوانێکی پێنچ شەممان دەکرا. مێرسی کاتی پەخشەکانی نووساندبوو بە دەرگای ژوورەناوخۆییەکەیانەوە، بەڵام ئالێکس هەر باکیشی پێ نەبوو سەیری بکات، هەمیشە شەوی پێنج شەممان سەری قاڵبوو.

خانەی نۆیەمWhere stories live. Discover now