سلاو هاوڕێ، هاتووم هەندێک باسی خێزانت بۆ بکەم؛ نەک تەنها یەک خێزان، بەڵکوو زۆربەی ئەو خێزانانەی لە کۆمەڵگەدا هەن. خێزانێک هەیە کە تێگەیشتووە، منداڵەکانی دەگرێتە باوەش و پشتگیریان دەکات. بەڵام خێزانێکی تر هەیە کە من ناوی دەنێم خێزانی قێزەون. دەزانی بۆچی؟ چونکە کاتێک سەرکەوتنێک بەدەست دەهێنیت، شانازیت پێوە ناکەن؛ کاتێک بەهرەیەکت هەیە، لە جیاتی هاندان و پاڵپشتی، هەوڵ دەدەن بچووکیت بکەنەوە. هەموو شتێک کە خۆشت دەوێت دەیکوژن و خەونەکانت پێش ئەوەی گەشە بکەن دەشکێنن.
هێشتا پرسیارێک هەیە کە زۆر جار لە مێشکمدا دەگەڕێتەوە؛ بۆچی هەندێک خێزان جیاوازی نێوان کچ و کوڕ دەکەن؟ بۆچی بە کچەکەیان دەڵێن نابێت بچێتە دەرەوە، بەڵام هەمان قسە بە کوڕەکەیان ناڵێن؟ بۆچی هەموو بار و سنوورەکان لەسەر شانەی کچ دەخرێت؟
باشە، بۆچی لە جیاتی ئەوەی بە کوڕەکەت بڵێیت ڕێزی کچان بگرە، بە کچەکەت دەڵێیت مەڕۆ دەرەوە؟ بۆچی لە جیاتی ئەوەی کوڕەکەت فێری ئەخلاق و بەرپرسیاری بکەیت، بە کچەکەت دەڵێیت ئەوە مەپۆشە و ئەوە مەکە؟ کچەکەت هەموو ژیانی لەسەر "نابێت" و "مەکە" بنیاد دەنێیت، بەڵام کوڕەکەت بەدڵی خۆی دەژی. ئەمە پاراستن نییە، ئەمە جیاکارییە.
ئەخلاق بۆ هەردووکیانە. ڕێز بۆ هەردووکیانە. یاسا ئەگەر هەیە، بۆ هەردووکیان بێت. چونکە مرۆڤ مرۆڤە، جا کچ بێت یان کوڕ.
هەندێک خێزان وا دەکەن کە ماڵ دەبێتە زیندان و دایک و باوک دەبنە زیندانبان. منداڵ بە ترس گەورە دەکەن، نەک بە متمانە. بە فەرمان گەورەی دەکەن، نەک بە تێگەیشتن. پاشان سەرسوڕمان دەبن کە بۆچی منداڵەکانیان دڵیان دوور دەبێتەوە.
جا ئەگەر باوەڕت بە منداڵەکەت نییە، ئەگەر ناتوانیت متمانەی پێ بکەیت، ئەگەر هەموو خەون و ئارەزووەکانی دەشکێنیت و ژیانی تێک دەدەیت، بۆچی هێناوتە ژیان؟ منداڵ هاتووە بژی، هاتووە فێربێت، هاتووە خەون ببینێت و گەشە بکات؛ نەک ئەوەی تەنها لە چوار دیواری ترس و قەدەغەدا هەناسە بدات.
"بە ڕاستی زۆرجار وا هەست دەکەم ژیان بۆ هەندێک کچ زۆر ئەستەمە. نەک چونکە لاوازن، بەڵکوو چونکە پێش ئەوەی هەنگاو بنێن، سنوور بۆیان دادەنرێت. زۆرجار ڕقم لەو بیرکردنەوانەیە کە مرۆڤ بە ڕەگەزی خۆی دەسنجێت، نەک بە ئەخلاق و تواناکانی. ڕقم لە نادادپەروەرییە، لەو دەنگانەی کە خەونەکان دەکوژن، و لەو دڵانەی کە بە ناوی پاراستن، ئازادی دەستبەسەر دەکەن."
ڕای خۆتان بڵێن دەربارەی قسەکانم....!!
Oups ! Cette image n'est pas conforme à nos directives de contenu. Afin de continuer la publication, veuillez la retirer ou mettre en ligne une autre image.
